Shaqam.Net - Content 


گه رانه وه بۆ یه كه م په ر

په‌ری یه‌كه‌م

په‌یوه‌ندی

ریكلام

پرۆژه‌ وێنه‌ى شه‌قام




لیستی سه‌ره‌كی
به‌سته‌ری خێرا
لاپه‌ره‌ی یه‌كه‌م
به‌شی هه‌واله‌كان
به‌شی به‌كارهێنه‌ران
گشتی
خزمه‌ت گوزاری سایت



ڕاپرسی
گۆڤارى شه‌قام چۆن ده‌بینیت؟

باش
خراپ
مام ناوه‌ند



ئه‌نجام
ده‌نگه‌كان

ژماره‌ی ده‌نگه‌كان: 542
پێشنیاره‌کان : 4



ئەرشیف

ژمارە170

ژمارە169

ژمارە168

ژمارە167

 

ژمارە166

 

ئه‌رشیفی گشتی



یوكسەل ئاڤشار، پێیوایە كێشەی كورد تەنیا بەدەنگدان بە "بەڵێ " بۆ هەمواركردنی دەستوور چارەسەر دەبێت.




یوكسەل ئاڤشار ،جێـــــگری سەرۆكی پارتی KADAP  و دۆستە نزیكەكەی تاڵەبانی:



 
یوكسەل ئاڤشار، ژنە سیاسەتمەداری كورد و جێگری سەرۆكی پارتی KADAP، پێیوایە كێشەی كورد تەنیا بەدەنگدان بە "بەڵێ " بۆ هەمواركردنی دەستوور چارەسەر دەبێت.


تەنیا چەند رۆژێك ماوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی توركیا روو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەن. بەتایبەتی ئەو هاوڵاتیانەی لەئەنجامی كودەتا 12 ئەیلولی 1980 ئەشكەنجەدراون، زیندانیكراون، بەپەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم رۆژە دەكەن و بە رۆژی حیساب پرسینەوە ناوی دەبەن. یەكێك لەو كەسانە ژنە سیاسەتمەداری كوردو جێگری سەرۆكی KADAP (یوكسەل ئاڤشار)ە. ئاڤشار بەهۆی هەڵوێستە سیاسی و نەتەوەیەكانی لەكاتی كودەتای 12 ئەیلول، لەگرتووخانەی سەربازی ماماك، ئەشكەنجە دراوە، سەرەڕای ئەوەی نزیكەی 20 ساڵ بەسەر ئەو رووداوە تێپەڕبووە، بەڵام هێشتا هەموو ساتەكانی ئەم رووداوە دراماتیكیەی لەبەرچاوە. ئەو بۆ (شەقام) بەم شێوەیە باس لەم ساتانە دەكات ودەڵێ‌" هەر كاتێك ئەو ئەشكەنجەیەم بەبیردێتەوە، ئەو شەوە خەوم لێناكەوێت. هەرجار لەهۆش خۆم دەچم". بۆ ئەمەش تا دوایی دەڵێم "بەڵێ" بۆ هەمواركردنی دەستوور. لەهەمان كات جەخت لەوە دەكاتەوە كەسروشتی كورد هەمواركردنی دەستوور رەتناكاتەوە.
یوكسەل ئاڤشار، بەهۆی دۆستایەتی لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی و، خزمایەتی لەگەڵ هۆلیا ئاڤشار لەلایەنی سیاسی بە بەردەوام لە رۆژەڤ  دایە. ئێمەش لەو كاتەی تەنیا چەند رۆژێك ماوە بۆ ئەوەی راپرسی لەسەر هەمواركردنی دەستوور ئەنجام بدرێت و هەروەها دەربارەی بڕیاری BDP لەمەڕ بایكۆتكردنی راپرسی، دیسان دەربارەی ئەگەر زۆرینە بڵێت "نەخێر" بۆ هەمواركردنی دەستوور چ كاریگەریەكی بەسەر كورد دەبێت ئەو دیدارەمان لەگەڵی كرد.
یوكسەل ئاڤشار، كچی دولبەر و ئەحمەد جەودەت ئاڤشارە، ئەو خانەوادە كە 8 منداڵیان هەیە، یوكسەل لەناو خوشەكەكانی لەهەموویان بەتەمەنترە. جەلال ئاڤشار باوكی هۆلیا ئاڤشار خاڵی یوكسەل خانە. خانەوادەی ئاڤشار لەبنەمادا خەڵكی گوندی (حەسكۆ)ی ئاردەخانە. لەهەمانكات ئەو خانەوادەیە، لەو ناوچەیە لەرووی كۆمەڵایەتیەوە پێگەیەكی بەرچاویان هەیە، سەر بەعەشیرەتی  (پیرەبادی)نە.
یوكسەل ئاڤشار، لەكەشێكی كۆمەڵایەتی پێدەگات كە هەموویان بەكوردی قسەدەكەن. بۆ ئەوەش بەخۆی بەكوردیەكی پاراو دوور لەوشەی توركی قسەدەكات. ئەم خانەوادەیە وەكو خانەوادە كوردە بەناوبانگەكانیتر موحافەزەكارنین، بەتایبەتی تارادەیەكی باش رێز لەژن دەگرن. ئەو ژنە سیاسەتمەدارە لەوبارەیەوە دەڵێت:" سنوورەكانی ئازادی نابەزێنم، لەبەرامبەر باوكم پێ لەسەر پێ دانانێم. جگەرە ناكێشم". یوكسەل خێزانەكەی بەخوێندەوار، دیموكراتخوازو رۆشەنبیر وەسف دەكات. ئاڤشار پەیوەندی خانەوادەكەی لەگەڵ سیاسەت بۆ رابردوویەكی زۆر كۆن دەگەڕێنێتەوە:" باپیرە گەورەم لەكاتی باڵادەستی رووسەكان لە ئیریڤان قایمقام بووە. باپیرەم بەڕێوەبەری ناحیە بووە. باوكم ئەندامێكی چالاكی پارتی دیموكراتی بووە".
پەیوەندی خێزانەكەم لەگەڵ سیاسەت تەنیا بەمە سنووردار نەبووە. خانەوادەكەم لەناو چەندین پارتی سیاسی بەتایبەتی CHP كاریان كردووەو تا ئێستاش بەردەوامن. پارێزەر خەلیل ئاڤشار كە دەكاتە مامی ئەو ژنە سیاسەتمەدارە، دامەزرێنەری لقی CHP لەشاری قاڕس لەباكووری كوردستان بووە. ئەو بەم شێوەیە پەیوەندی خێزانەكەی لەگەڵ سیاسەت دێنێتە زمان:" ئەوەی رووبەڕووی فشارو چەساندنەوە ببێ، زۆر سروشتیە دەنگی خۆی لەدژی بەرزبكاتەوە. ئەوەم قەت لەبیر ناچێت زۆرجار بەهۆی جلوبەرگەوە، لەپشتەوە هاواریان دەكرد كوردی نەزان، پاشكەوتوو. بەم شێوەیە سووكایەتیان پێ دەكردین. ئەمەش ئێمەی بەلای سیاسەتەوە دەبرد. من سەرەتا هیچ هەوەسم لەسیاسەت نەبوو، بەڵام ئەم رەفتارانەی بەرامبەر منی پەلكێشی ناو سیاسەت كرد".
یوكسەل ئاڤشار، بۆ تەواوكردنی خوێندنی زانكۆ روو لەشارە گەورەكان دەكات. ئەو دەرچووی بەشی رای گشتیە لەزانكۆی گازی ئەنقەڕە. لەوكاتەی لەزانكۆ بووە، سەردانی گۆڤاری رێگای ئازادی كە كەمال بورقای لەو سەردەمە دەریدەكرد دەكات. هەروەها لەهەمان كات دەبێتە ئەندامی كۆمەڵەی كلتووری رۆژهەڵاتی شۆرشگێر. ئەو رەوشەی ئەوكات توركیا پێیدا تێپەڕدەبوو رۆژ لەدوای رۆژ ئەو كچەی زیاتر بەرەو قوڵبوونەوە رامان دەبرد. ئەو لەدوای كودەتای 12 ئەیلولی ساڵی 1980 دەستگیر دەكرێت. وەكو خۆی دەیگێڕێتەوە 45 رۆژ لەژێر ئەشكەنجە دەمێنێتەوە. دواتر دەیگوازنەوە بۆ زیندانی ماماك. لەو زیندانە لەگەڵ كۆمەڵێك سیاسەتمەداری چەپ وەكو ئاكین بیرداڵ، یاشاڕ ئۆكویان ئاشنایەتی پەیدا دەكات. لەزیندان لەگەڵ كادیرانی رێكخراوی DEV – GENÇ دەمێنێتەوە. یوكسەل بەم شێوەیە باس لەو زیندانە دەكات:" هەموو بەیانیەك ئێمەیان دەردەخستە گۆڕەپانی زیندان و سروودی نیشتیمانی توركیایان بەدەنگێكی بەرز پێدەخوێندینەوە".
ئاڤشار، ساڵ و نیوێك لەم زیندانە ژیان بەسەر دەبات. ئەو ئەو رۆژەی دایكی بۆ یەكەمین جار سەردانی دەكات لەیاد ناكات:" لەوێ هەر چ جلێك هەبوایە لەبەرمان دەكرد. جلەكانمان هەمووی دڕابوون، كاتێك دایكم هات بینی من شەڕوالێك وكراسێكی دڕاوم لەبەر لەهۆش خۆی چوو، منیش لەپشت شیشەكانی دەرگای زیندان سەیرم كردو هیچم پێنەكرا. ئەمە تا ئێستا وەكو كەسەرێكی گەورە لەدڵم ماوە".
دوای ئەوەی لەزیندان دەردەچێت، دۆستایەتی لەگەڵ رێكخراوی رێگای ئازادی پەیدا دەكات، لە بۆنەكانی ئەم رێكخراوە بەشداری دەكات. لەبەر ئەوەی بەو مەرجە لەزیندان دەریدەكەن كە جارێكی تر توخنی سیاسەت نەكەوێت، ئەو رۆژانە بەسەخت و ناخۆش وەسف دەكات:" نەمدەتوانی خۆم لەگەڵ كۆمەڵگا بگونجێنم. بەردەوام چاودێریمان دەكرا، روومان دەكردە هەر ماڵێك وامدەزانی دوایی كەمێكی تر دێن دەستگیرم دەكەنەوە". ئاڤشار ئەم رۆژانە وەكو :"رۆیشتن بەناو تونێلێكی تاریك" وەسف دەكات. لەبەر ئەوەی هەڵ ومەرجی زیندان لەو كات زۆر زەحمەت بووە، بەهیچ شێوەیەك نەیویستووە جارێكی تر زیندانی بكرێتەوە. ئەو بڕیاری خۆی لەبارەی دەنگدان بە "بەڵێ" بۆ هەمواركردنی دەستوور بە ئەشكەنجەی رۆژانی زیندان دەبەستێتەوە:" لەبەر ئەوەی لەئەنجامی دەستووری 12 ئەیلول ئەشكەنجە دراوم تەمەنم بەهەدەر دراوە، هەرچی زووە دەخوازم ئەو دەستوورە نەمێنێت".
دوای ئەوەی بەڕادەیەكی كەمیش بێت كاریگەریەكانی زیندانی لەسەر نامێنێت، دەست بەكاركردن دەكات. سەرەتا بەكاركردن لەبانكێك دەستپێدەكات، دوای ماوەیەك لەسەندیكای كاروباری كۆمەڵایەتی درێژە بەكار دەدات. دواتر وەكو كارمەندێك لە وەزارەتی پیشەسازی توركیا دەگیرسێتەوە. یەكەم هەنگاوی بەكرداری لەبواری سیاسەت، بۆ ساڵی 1994 دەگەڕێتەوە:" ئەو ساڵە وەكو ئەندامێكی دەستەی دامەزرێنەری پارتی ئازادی و دیموكراتی ÖZDEP دەستبەكاربووم. دواتر بەهۆی بانگهێشتكردنی شەڕەفەدین ئالچی هاتمە ناو ریزەكانی KADAP". پاشانیش دەبێتە جێگری سەرۆكی گشتی ئەم پارتە. ئاڤشار دەربارەی هەڵوێستی پارتەكەی لەمەڕ دەنگدان بە (بەڵێ) بۆ هەمواركردنی دەستوور جەخت لەوە دەكاتەوە ئەو هەمواركردنە بەتەواوەتی رۆحی كودەتاچیەكانی 12 ئەیلول هەڵناتەكێنێ. بەڵام تارادەیەكی باش لەلایەنی دەروونیەوە ئاسوودەبوونێك دێنێتە ئاراوە، لەهەمانكات دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ بۆ هێنانەكایەی دەستوورێكی نوێی دیموكراتیانە:" 12 ئەیلول كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ملیۆنان كەس بەجێهێشت، ئەوانە رووبەڕووی ئەشكەنجە بوونەوە، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت، تا ئێستا فەرماندەی كودەتا كەنعان ئەڤرین داگایی نەكراوەو ئازادە. كرانەوەی دەروازەی دادگاییكردنی كودەتاچیەكان، داگاییكردنی سەربازان لەدادگا مەدەنیەكان و هەمواركردنی چەندین ماددەی تر بۆ كورد شتێكی باشە". لەدرێژەی لێدوانەكەیدا ئاڤشار هەڵوێستی خۆی بەرامبەر هەمواركردنی دەستوور بەم شێوەیە پوخت دەكاتەوە:" ئێمە وەكو KADAP، ناڵێن "نەخێر" بۆ هەمواركردن، بەهەمان لۆژیكی MHP و CHP سیاسەت ناكەین، لەراپرسی دەڵێین بەڵێ".
ئاڤشار پێیوایە زیاتر لە%55 هاوڵاتیانی توركیا بە"بەڵێ" دەنگ دەدەن. لەهەمان كات رەخنە لە بڕیاری بایكۆتی BDP دەگرێت. بە گوێرەی ئەو ئاگربەستە، كاریگەری باشی دەبێت بۆ سەر ئەو كەسانەی دەڵێن بەڵێ بۆ هەمواركردن" بێگومان كێشەی كورد بە (نەخێر) بۆ هەمواركردن چارەسەر نابێت، بەڵكو (بەڵێ) تا رادەیەكی باش ئاسانكاری بۆ چارەسەری دەكات. لەم وڵاتە نزیكەی 20 ملیۆن كورد هەیە، ئەوانەی دەنگ بۆ BDP دەدەن، لەچوار یان پێنج ملیۆن تێپەڕ ناكەن. باشە ئەوانەی تر دەنگ بەكێ دەدەن؟ ئەوانەی تر دەڵێن (بەڵێ) بۆ هەمواركردن، چونكە كورد لەهەموو كەس زیاتر پێویستی بەدیموكراسی هەیە".










© هه‌موو مافه‌كان پارێزراون بۆ Shaqam.Net (هه‌موو مافه‌کان تایبه‌ته‌ به‌م سایته‌.)
کۆپی کردنی بابه‌ته‌کان به‌ هێنانی ناوی سایت و دانانی به‌سته‌ری سه‌رچاوه‌ رێگه‌ پێدراوه‌‌.

نوسراوه‌ له‌ به‌رواری : 16 گه‌ڵارێزان ، 2709 (470 خوێندراوه‌ته‌وه)

[ گه‌رانه‌وه ]

Powered By PHP-Nuke & Kurdish project By NajhSoft.Net



کردنه‌وه‌ی سایت له‌ ماوه‌ی‌ : 0.08 چركه‌